ئەمڕۆ پێنجشەممە دەزگایەكی میدیایی ئەمریكی باسی لە بەدواداگەڕانی جێگرەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراقی كردووە و بڵاوی كردووەتەوە كە مردنی مەرجەعێكی ناوداری شیعە، وای لە عەرەبی شیعە كردووە بكەونەخۆ بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی سیستانی. ماڵپەڕی “مۆنیتۆر”ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە كە مردنی لەناكاوی محەمەد سەعید حەكیم یەكێك لە مەرجەعە باڵاكانی شیعە، كە نزیكترین كەس بووە بۆ جێگرتنەوەی عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعی، وای كردووە شیعەكان بكەونەخۆ بۆ دەستنیشانكردنی جێگرەوەیەك، تا لە ساتی مردنی سیستانیدا وەكو جێگرەوەی مەرجەعی باڵا دەستنیشانی بكەن. بەپێی مۆنیتۆر، ئێستا نزیكترین كەس بۆ جێگرتنەوەی سیستانی، محەمەد باقر ئەلئەیروانییە، كە تەمەن 72 ساڵە و دوو مانگ دوای مردنی محەمەد سەعید، بەفەرمی نووسینگەی خۆی لە شاری نەجەف كردەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ جێگرتنەوەی مەرجەعی باڵا لە ساتی مردنی سیستانیی تەمەن 92 ساڵدا. ماڵپەڕە ئەمریكییەكە باسی لەوەش كردووە كە زانیارییان هەیە ژمارەیەك لە كەسایەتییە شیعەكانی نەجەف داوایان لە ئەلئەیروانی كردووە خۆی بۆ جێگرتنەوەی سیستانی ئامادە بكات، ئەویش داواكەی قبووڵ كردووە. ئەلئەیروانی سەدان قوتابی لە ئاستە باڵاكانی خوێندنی حەوزەدا هەیە، بەشێكیان لە ئێرانن و بەشەكەی تریشیان لە لوبنان و عێراق و چەند وڵاتێكی تری عەرەبیین.
عەرەبی شیعە بەدوای جێگرەوەی سیستانییدا دەگەڕێن
