هاووڵاتییەکی گوندی لهێبان وردەکاریی هێرشەکەی ئەمشەوی داعش بۆ سەر گوندەکەیان ئاشکرا دەکات

ئەمشەو تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی لهێبان-ی کوردنشینی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری قەزای دوبز و دانیشتووانی گوندەکە هێرشەکەیان تێکشکاند. خدر عەلی، خەڵکی گوندی لهێبان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەمشەو تیرۆریستانی داعش کە بەپێی زانیارییەکانمان ژمارەیان نزیکەی ٣٠ چەکدار دەبوو هێرشیان کردە سەر گوندی لهێبان و ئێمە وەک خەڵکی گوندەکە ڕووبەڕوویان بووینەوە و شەڕ دروست بوو بەڵام تێکمانشکاندن و زیانێکی زۆریش بەر چەکدارانی داعش کەوت”. ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بە ئەوەش دا کە هیچ کەسێک لە دانیشتووانی گوندەکە زیانی بەرنەکەوتووە و رێگەیان نەداوە تیرۆریستانی داعش بێنە ناو گوندەکەوە. خدر عەلی کە خەڵکی گوندەکەیە بەڵام دانیشتووی شوێنێکی دیکەیە ئاماژەی بە ئەوە دا کە چەند رۆژێک بۆ هاوکاریکردنی خزم و کەسوکارەکەی چووەتە گوندی لهێبان و خۆیان بەرگری لە خاک و گوندەکەی خۆیان دەکەن. ئەو هاووڵاتییە ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا هێزە عێراقییەکان بە هانایانەوە نەچوونە لەکاتێکدا ئاگادارن کە داعش هێرشی بۆ سەر گوندەکەیان کردووە.