مەسرور بارزانی لەگەڵ مستەفا کازمی کۆ دەبێتەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە. کەمێک لەمەوبەر (ئەمڕۆ چوارشەممە 8-12-2021)، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی کردووە و لە فڕۆکەخانە کۆ بوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان تاوتوێ کرد. مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی جەختیان لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی  هەوڵ وتواناکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، کردووە. جومعە عیناد، وەزیری بەرگری و ژمارەیەک فەرماندەی سوپای عێراق یاوەریی مستەفا کازمی لەو سەردانەیدا بۆ هەولێر، دەکەن. بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کۆ ببێتەوە.