نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، بەشداری لە کۆبوونەوەی فەرمی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا لەگەڵ عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا كه بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە پەرلەمانی ئەورووپا، نوێنەری ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا، بەرپرسی شاندی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و باڵوێزی عێراق بەشداربوون، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەشی پەرلەمانتارانی ئەورووپی و ئامادەبووان کرد. لە وتەکەیدا دکتۆر دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکێتی ئەورووپا، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم دوایەی عێراقی بە پاکترین هەڵبژاردن لە مێژوی عێراق ناوبرد، بەڵام بە ئامادەبووانی راگەیاند، کە بەداخەوە دادگای فیدراڵی پێش راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەستکاری ئەنجامەکانی کرد لە بەرژەوەندی چەند لایەنەکی سیاسیی و لە دوای فشاری سیاسی، کە ئەمە هێمای پرسیاری خستە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەکی گشتی. لە بەشێکی دیكهی وتەکانیدا، ئاژگەیی ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنی ناوچە كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستانی کرد، کە لەم دواییه بوونەتە پێگە و شوێنی چاڵاکیەکانی داعش و لەو ناوەش ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە و چەند پێشمەرگەیهکی قارەمان شەهید بوون، کە ئەمەش لە بەر نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە و بۆشایی ئەمنی دروست بووە و چارەسەری سەرەکیش بۆ ئهو كێشهیه، جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوری عێراقە. سەبارەت بە حکوومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند، کە ئەوەی بە لای کوردهوه گرنگە ئەوەیە، کە هاوبەشی راستەقینە بێت لە حوکمڕانی لە عێراق و خاوەنی بڕیار بێت لە بوارەکانه سیاسی و ئەمنیی و ئابووری عێراق.
دلاوەر ئاژگەیی: دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق هێمای پرسیاری خستە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن
