ئەمڕۆ دووشەممە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا ئاشكرای كرد لە سەردەمی گەنجییەتیدا، لە كاتی رووخانی یەكێتیی سۆڤیەتدا، بۆ پەیداكردنی بژێویی خۆی، كاری شوفێری تاكسی كردووە. پوتین لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاندووە كە رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت باری ئابووریی هەمووانی لە وڵاتەكەدا سەخت كرد، تەنانەت ئەویش ناچار بوو، لەپێناو دابینكردنی بژێویدا، بۆ ماوەیەك شۆفێری تاكسی بێت. دەشڵێ “ماوەیەك پێویستم بە كاری زیادە هەبوو تا بژێوی پەیدا بكەم، بۆیە لەدوای كاری خۆمدا، شوفێری تاكسیشم دەكرد”. پوتین هەروەها دەڵێ “بەداخەوە ئەو قسانە دەگێڕمەوە، بەڵام ئەوە راستییەكەیە”. سەرۆكی رووسیا لەبارەی رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت لە 1991دا دەشڵێ “ئەوە رووخانێكی مێژوویی رووسیا بوو، كارەساتێكی نەتەوەیی بوو، بەڵكو گەورەترین كارەساتی جیۆسیاسی بوو لە سەدەی بیستەمدا”.