بانكی ناوەندیی عێراق: 16 ملیار دۆلارمان لە دابەزاندنی بەهای دیناردا قازانج كردووە

ئەمڕۆ بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای كرد لە ماوەی نزیكەی یەك ساڵی رابردوودا، لە ڕێگەی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقییەوە، پارەی یەدەگی بیانییان بەنزیكەی 16 ملیار دۆلار زیاد كردووە. ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای كرد بەهۆی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقییەوە لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی، توانیویانە پارەی یەدەگی بیانی بەبڕی 16 ملیار دۆلاری ئەمریكی زیاد بكەن. غالب رای گەیاندووە كە نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر، پارەی یەدەگی بیانیی عێراق 48 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش پێش دابەزاندنی بەهای دینار، بەڵام ئێستا ئەم یەدەگی بیانییە بۆ 64 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە. هەروەها لەبارەی پلانی داهاتووی بانكی ناوەندیشەوە رەتی كردەوە بەنیازی ئەوە بن كە چاپێكی نوێی دینار و بڕێكی نوێ دروست بكەن، بەڵكو تەنها بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو پارانەی لە بازاڕەكان و لەناو دەستی هاووڵاتییاندا لەناو دەچن، پەیتا پەیتا هەمان ئەو بڕە دینارانەی لە بازاڕەكاندا هەن، چاپ دەكەنەوە. لەبارەی ئەگەری بەرزكردنەوەی بەهای دیناریشەوە رای گەیاند ئەگەر پەرلەمانی نوێ هەوڵی بەرزكردنەوەی بەهای دینار بدات بۆ 1200 دینار بەرانبەر دۆلارێكی ئەمریكی، تا وەكو جارانی لێ بكرێتەوە، زیانێكی زۆر بەر ئابووریی عێراق دەكەوێت و بەهای دینار لەدەست دەردەچێت و ڕووبەڕووی هەستان و دابەزینی بەردەوام دەبێتەوە.