کۆچبەرانی گەیشتوو بە پۆڵەندا دەگەڕێندرێنەوە

ئەو کۆچبەرانەی لە بێلاڕووسەوە گەیشتوونەتە پۆڵەندا، دەگەڕێندنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: شاندێکی دیپلۆماتی لە باڵوێزخانەی عێراق لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا سەردانی سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و ئەڵمانیا دەکات. ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە: شاندەکە بە مەبەستی پێدانی پاسپۆرت بەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و بە ئارەزووی خۆیان دەیانەوێ بگەڕێنەوە، سەردانی ناوچە سنوورییەکە دەکات. بەپێی زانیارییەکان، 403 کۆچبەری عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە پۆڵەندا و لە کەمپەکانی ئەو وڵاتە نیشتەجێ کراون و ئەم هەوڵەی گەڕاندنەوەیان، یەکەم هەوڵی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانە لە پۆڵەندا. تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 کۆچبەر، کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بە نۆ گەشتی ئاسمانی گەڕێندراونەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەزاران کۆچبەری نایاسایی کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە بێلاڕووسەوە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندایان داوە و بەشێکیان سەرەڕای رێگریی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی پۆڵەنداش، گەیشتوونەتە ناو ئەو وڵاتەەوە. بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە، کێشەی پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت کە پۆڵەندا ئەندامە لەو یەکێتییە.