بەرێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و چەند ڕێنوێنییەکیش ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەکە دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکە لە چوارچێوەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە داوە: “پاش ئەوەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی رایگەیاند له ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠٢١/١٢/١٦) ئەگەری هەیە کە شەپۆڵێکی بەهێزی بارانبارین روو له هەرێمی کوردستان بکات کە چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و مەترسیی دروستبوونی لافاوی لێ دەكرێت بۆيه تەواوی هێزەکانمان له ئامادەباشیدان بەمەبەستی رووبەرووبوونەوەی هەر رووداوێکی لەناکاو”. بەرگریی شارستانیی سۆران هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە له کاتی دروستبوونی لافاو هەوڵ بدەن خۆیان بگەیەننە شوێنێکی سەلامەت و پاشان پەیوەندی بە تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکەن، هەروەها لە کاتی پێویست نەبێت خۆیان له گەشتکردن به دوور بگرن و سەردانی رووبارەکان و سەرچاوه ئاوییەکان نەکەن چونکە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە رێنوێنیی هاووڵاتیان دەکات کە خۆیان بەدوور بگرن لەو شوێنانەی کە مەترسیی داڕمانی لێدەکرێت بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، هەروەها لە کاتی هەورە بروسکە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و خۆیان دوور بگرن لە مانەوه لەو باڵەخانانەی کە دەرز و قڵیشانیان هەیە، جگە لەوەش خۆیان دوور بگرن لە مانەوە لە خانووی قوڕ.