ئەمشەو ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندێکی کوردنیشینی سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک. پەیامنێری (باسنیوز) ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی چوارشەممە، ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش، هێرشیان كردە سەر ماڵێك لە گوندی سمایل بەگی سەر بە ناحیەی شوان و لە ئەنجامدا شەڕە تەقە لە نێوان ئەو چەكدارانەی داعش و ئەندامانی خێزانەکە دروست بووە. ئەوەش زاندراوە، خاوەنی ئەو ماڵە مەڕدارە و ماڵیان لە قەراغ گوندەكەیە و هەمان ئەو ماڵەیە كە پێشتر (باسنیوز) لە زاری بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی ناحیەی شوان بڵاوی كردەوە كە شەوی دووشەممەی ڕابردوو، دوو بۆ سێ كەسی گومانلێكراو چوونەتە ماڵێك لە گوندی سمایل بەگ و پاشان خاوەن ماڵەكە تەقەی كردووە و ئەو كەسانەش هەڵهاتوون. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر هێرشەكەی ئەمشەوی داعش و زانینی زیانەكانی ئەو هێرشە (باسنیوز) پەیوەندی بە شوان شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوانەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.