ئەمڕۆ یەكشەممە مریەم كچە قوتابیە بەتێزاب سوتێندراوەكەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە بەغدا گەڕایەوە خوێندن و لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە پێشوازی لێ كرا. دوای ئەوەی بەر لە شەش مانگ، لە ڕێگەی تێزابەوە هێرشی كرایە سەر و رووخساری شۆخی بەتەواوی شێوێندرا، مریەم بووە جێی باسی میدیاكانی عێراق وەك كچە قوربانییەكی دەستی توندوتیژی، ئەمڕۆش بۆ یەكەم جار گەڕایەوە خوێندن و ئاهەنگێكی ڕێزلێنان و پشتیوانی بۆ ڕێكخرا. وەك لە میدیاكانی عێراق بڵاو كراوەتەوە، كچە قوربانییەكە لە چەند وێنەیەكدا دەردەكەوێت لەو كاتەی لەلایەن مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغداوە پێشوازی لێ دەكرێت و بەشێك لە قوتابیان بە گریان و بەشێكیان بە خەندەی پشتیوانی لێكردنیەوە دڵنەوایی دەكەن. مریەم كە ئێستا لە میدیاكانی عێراق نازناوی “ئەمیرە مریەم”ی پێبەخشراوە، رۆژی 2021/6/10 لەلایەن كەسانی دەموچاو پێچراوەوە لە ناو ماڵی خۆیان لە شەقامی فەڵەستین لە بەغدا هێرشی كرایە سەر و رووخساری بە تێزاب سوتێندرا، دواتر دوو كەس بەم تۆمەتە دەستگیر كران، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواوەوە، تا ئێستا دۆسیەكە یەكلا نەكراوەتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا وا بڵاوكرایەوە كە كوڕێك دوای ئەوەی داوای هاوسەرگیری لێ كردبوو، مەریەمیش رەتی كردبووەوە، بەم هۆیەوە هێرشی كردووەتە سەر.