ئەلقۆش.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا هەشت کەس بوونە قوربانی

ئەمشەوی هەینی لەسەر رێگای سەرەکیی قەزای شێخان- ناحیەی ئەلقۆش، لە رووداوێکی هاتوچۆدا هەشت کەس بوونە قوربانی. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری (باسنیوز) لە دهۆک، کەمێک پێش ئێستا رووداوێکی پێکدادان لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر رێگای سەرەکیی شێخان- ئەلقۆش رووی داوە و لەئەنجامدا، وێڕای زیانی مادی، کە بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، پێنج کەسی ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەست داوە و سێ کەسی دیکە بریندار بوونە. زانیارییەکانی (باسنیوز) ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەو پێنج کەسەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەست داوە، خێزانێکی کوردی ئێزدین و خەڵکی گوندی (شێخکا)ن، کە یەکیان پیاو و یەکیان ئافرەتە و سێشیان منداڵن. بەگوێرەی گوتەی شایەتحاڵەکانیش، ئافرەتەکەش دووگیان بووە. هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (باسنیوز) لە دهۆک، بریندارەکان گەیاندراونەتەوە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک و دۆخی یەکێ لە بریندارەکان دژوارە.