ئەعرەجی: سەدر هۆشداری بە چوارچێوەی هەماهەنگی دەدات

سیاسەتمەدارێکی عێراقی ئاشکرای دەکات، کە رێبەری رەوتی سەدر هۆشداری بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاڕ تەنسیقی) داوە. بەها ئەعرەجی، سیاسەتمەداری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، رایگەیاندووە: موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رەتی دەکاتەوە بۆ جاری دووەم لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق)، کۆ ببێتەوە. بەها ئەعرەجی هەروەها رایگەیاندووە: موقتەدا سەدر مۆڵەتی 45 رۆژی داوەتە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکوومەت و هۆشداری داوە ئەگەر لەو ماوەیەدا حکوومەت پێک نەهێنن، ئەوا رەوتی سەد حکوومەت پێک دەهێنێت. لە رۆژی 2-12-2021 یەکەم کۆبوونەوەی موقتەدا سەدر لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هادی عامری لە بەغدا بەڕێوە چوو. رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رۆژی 30-11-2021 ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند و ناردییە دادگای باڵای فیدراڵی. هاوپەیمانیی فەتح لەو هەڵبژاردنە ژمارەی کورسییەکانی بۆ 17 کورسی کەم بووەوە، لە کاتێکدا لە خولی رابردووی پەرلەمان، خاوەنی 48 کورسی بوو. دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، هەموو لایەنە عەرەبییە شیعەکان (جگە لە رەوتی سەدر کە بە بەدەستهێنانی 73 کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن)، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی (ئیتاڕ تەنسیقی) رێکخست و ناڕەزایی خۆیان بە ئەنجامەکان راگەیاند و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیان کرد.