لە دوای بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دووبارە رێکخستنەوە و سەنگەرسازی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی سەنگەری سەردەمیانەی سەربازی لە ناوچەکەدا، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری پێشمەرگە میحوەرەکانی یەكی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە ـ حەمرینی بەسەركردەوە. شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بە یاوەری لیوا قارەمان کەمال و لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان ـ ئیدارە و میرە، بۆ ئاگاداربوون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دووبارە رێکخستنەوەی سەنگەرەکان و دروستکردنی سەنگەری نوێ لەو شوێنانەی کە تیرۆریستانی داعش هەڵتەکێنراون و لێی پاک کراونەتەوە، میحوەری (۱ی گەرمەسێر) و (٢ی قەرەتەپە ـ حەمرین)یان لە سنووری گەرمیان بەسەرکردەوە. لە دەستپێکی سەردانە مەیدانیەکەیدا، بەئامادەبوونی لیوا مەردان چاوشین، فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەـ حەمرین، وەزیری پێشمەرگە لە نزیکەوە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە گوندی کۆڵەجۆ تا دەگاتە سەید مەدرید بەسەرکردەوە، تیایدا گفتوگۆی هەمەلایەنە و بایەخداری لەگەڵ سەرجەم فەرماندەی لیواکان و ئەفسەرانی باڵای سنووری میحوەرەکە کرد. لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە، بە بایەخەوە توندوتۆڵکردنی زیاتری سەنگەرەکانی بەرگری و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لەناوچەکە شیکردەوە. وەزیری پێشمەرگە ڕووەو فەرماندە و ئەفسەران و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، رای گەیاند کردەوە دڕندانەییەکانی ئەم دوایانەی داعش، سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکه ناشێوێنێت، وەک هێزی پێشمەرگەش لەڕاوەدوونانیان بەردەوام دەبین، بەوردی چاودێریان دەکەین و وەڵاممان بۆ هەر جوڵەیەکی تیرۆستانەیان دەبێت. لەوێستگەیەکی تری سەردانەکە بۆ میحوەری ۱ی گەرمەسێر، لەمیانی بەسەرکردنەوەی سەنگەر بەسەنگەری پێشمەرگە لەسنوری گوندی قاهیرە تا دەگاتە قۆری چای و دواتر بۆ بەڵەکەی خواروو، وەزیری پێشمەرگە لە نزیکەوە ستایشی بەجێهێنانی ئەرک و فەرمانە سەربازییەکانی لە فەرماندە و جێگران و هێزە ئازاکانی پێشمەرگە کرد و، بەوردی گوێی لەپێویستی و داوا و داواکارییەکانی فەرماندەی لیواکان گرت و بەڵێنی چارەسەری و دابینکردنی پێویستیەکانیانی بۆ دووپاتکردنەوە. لە کۆتایی سەردانەکەیدا، وەزیری پێشمەرگه رای گەیاند: دوای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق، جموجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانە کەم بۆتەوە، ئەمەش پێویست دەکات پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ سوپای عیراق بگەینینە ئاستێکی باڵاتر. هاوکات بە فەرماندە و هێزەکانی لەو سنوورە راگەیاند کە بەردەوام بن لەسەر پەروەردەی زیاتری هزری و جەستەیی لەرووی تەکنیکی نوێی جەنگی و بەرزکردنەوەی توانستی سەربازی و گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری گشتی، بۆ ئەمەش فەرمانیدا کە زیاتر پابەندی دیسپلینە سەربازییەکان بن و چاوەکراوەتر و ئازایانەتر روبەڕوی تیرۆریستان ببنەوەو لەڕەگەوە هەڵیان بتەکێنن.