سبه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر كۆ ده‌بێته‌وه‌

سبه‌ى چوارشه‌ممە ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە و لەمیانەدا دەنگ بە بەڕێوەبەری تازەی گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێریش دەدرێ. خانزاد دزه‌یی، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ فراكسیۆنى پارتى به‌ (باسنیوز) ى ڕاگه‌یاند: “سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ژماره‌ (۹٥)، له‌ هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن و سكرتێری ئه‌نجوومه‌ن و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر بەڕێوەدەچێت”. سەبارەت بە کارنامەی کۆبوونەوەکە ناوبراو رایگەیاند: “نووسراوی پارێزگای هه‌ولێر به‌ ژماره‌ی (۱۸۸٥) له‌ رێكکه‌وتی (۱٤ـ۱۲ـ۲٠۲۱ )سه‌باره‌ت به‌ كاندیدكردنی ئه‌ندازیار ( به‌ختیار قاسم ) بۆ پۆستی به‌رێوه‌به‌ری گشتیی دابه‌شكردنی كاره‌بای هه‌ولێر تاووتوێ دەکرێ و دواى خوێندنه‌وه‌ی سیڤیی ناوبراو و كۆمێنتی ئه‌ندامان پرۆسه‌ی ده‌نگدان بەرێوەدەچێت و هەروەها گفتوگۆ سەبارەت بە چەند پرسێکی دیکەش دەکرێ”.