بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕای گەیاند ئەوەی پێوەری ئاو لێ بکاتەوە، سەرپێچی لە یاسا کردووە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. گوتیشی پێوەری ئاو بەیاسا دانراوە بۆ ئەوەی خەڵک زیادەڕۆیی لەبەکارھێنانی ئاودا نەکات، بەڵام بەداخەوە ھەندێک کەسایەتی گرنگی بەسامانی ئاو نادەن و بەمەبەست ئاو بەھەدەر دەدەن. سەربەست عوسمان بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند ئامێری پێوەری ئاوی ماڵان بەبڕیاری پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی شورا بەپێی یاسا بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان داندراوە، ئەوەی کەمپینیش ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی ئامێری پێوەرەکە لێ بکاتەوە، کارێکی نایاسایی دەکات و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین. گوتیشی ھەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەری ئاو و کارەبا، کارێکی نایاسایی و نانیشتمانییە، چونکە یاسا بە یاسا ھەڵدەوەشێتەوە، ئەوانەی ڕەخنەیان لەو سیستەمە ھەیە، دەتوانن داواکاری پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ ئەوەی ئەو سیستەمە ھەڵبواشێنرێتەوە. سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک پێوەری ئاوی ماڵان دانراوە، بۆ ئەوەیە خەڵکی زیادەرۆی لە بەکارھێنانی ئاو نەکات، بەڵام بەداخەوە ھەندێک کەسایەتی ئەو پێوەرە لێ دەکەنەوە و بەلایانەوە ئاساییە ئاوی خواردنەوە بەھەدەر بدەن، بۆیە ھەر کەسێک ئەو پێوەرە لێ بکاتەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.