گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشن، رادەگەیەنێت. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11-1-2022، لە هەردوو ناوچەی هۆر رەجەب و عەدوانیە لە باشووری بەغدا، هێرش کرایە سەر کاروانی سەربازیی ئەمریکا. تاوەکوو ئێستا زیانە مرۆیی و ماددییەکانی دوو هێرشەکە ئاشکرا نەبووە کە گرووپێکی چەکداریی نەناسراو بە ناوی (ئولولعەزم) بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە راگەیاندووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە و دوای تەواوبوونی وادەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، گرووپ و میلیشیاکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر کاروان و بکە سەربازییەکانی ئەمریکا. ئەو هێرشانە هاوکاتن لەگەڵ هەڕەشەی بەردەوامی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دژی هێزە بیانییەکان بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا و دووەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. لە مانگی 7ـی ئەمساڵ هەردوو حکوومەتی ئەمریکا و عێراق لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تا رۆژی 31-12-2021 رێککەوتوون و دوای ئەو وادەیە، ئەرکی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەبێتە راوێژکاری و مەشقپێکردن بە هێزە عێراقییەکان. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە بوونێکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نیشان داوە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، لە ئەگەری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای وادەی دیاریکراو، ئەوا چەکدارانی میلیشیاکان بە چەک رووبەڕوویان دەبنەوە. پێشتر میلیشیای کەتیبەکانی سەید شوهەدا رایگەیاندبوو: 23 هەزار خۆبەخشیان بۆ هاتنە ریزی میلیشیاکەیان و شەڕ دژی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای 31-12-2021ـەوە، ئامادە کردووە. دوای کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و جێگری سەرۆکی دەستەی. حەشدی شەعبی، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لەسەر خاکی عێراق، دا. بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.