حوسییەکان بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکانی ئیمارات لە ئەستۆ دەگرن

بزووتنەوەی حوسییەکانی یەکەم بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکانی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو لە ئەستۆ دەگرێت. پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17-1-2022، سێ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات، تەقینەوە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە گومان دەکرێ تانکەرەکان لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە تەقێندرابنەوە. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سوپای یەمەن (سوپای حوسییەکان) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، بەبێ باسکردنی رووداوەکە، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە. عەمید یەحیا سەریع رایگەیاندووە: ”لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا“ وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی حوسییەکان لەناو قوڵایی خاکی ئیمارات، ئاشکرا دەکەن. حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان  پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.