لایەنە عەرەبییە شیعە ناڕازییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاڕ تەنسیقی)، هەڕەشەی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، دەکەن. خالد سەرای، سەرکردە لە هاوپەیمانیی (دەوڵەتی یاسا) لە لێداوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: ئەگەر بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەمان پرۆسەی هەڵبژاردی سەرۆکی پەرلەمان بکرێنە پێوەر، ”ئەوا دوور نییە چوارچێوەی هەماهەنگی پەنا بباتە بەر بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی”. چوارچێوەی هەماهەنگی دووەم بەهێزترین کوتلەی عەرەبە شیعەکانە و هەوڵ دەدات موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بە پێکهێنانی حکوومەتی تەوافوقی رازی بکات، بەڵام موقتەدا سەدر کە سەرۆکایەتیی کوتلەی سەدری دەکات و بە بەدەستهێنانی 73 کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، پێکهێنانی حکوومەتی تەوافوقی رەت دەکاتەوە و داوای حکوومەتی زۆرینە دەکات. هاوکات هیشام روکابی، یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی ئەو هاوپەیمانییە دەکات، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)دا، رەتیکردەوە چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتەوازە بووبێت و جەختی لەسەر یەکگرتوویی لایەنەکانی نێو چوارچێوەکە کردەوە. رۆژی یەکشەممە 9-1-2022، پەرلەمانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمیدا، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەددومی بە سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵاش بە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان، هەڵبژارد. دوای کۆبوونەوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەیاننامەیەکیان دەرکرد و تێیدا پێشهاتەکانی ناو یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیان رەت کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی تەمەن لەهۆش خۆی چوو و کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی خالید دەڕاجی، دووەم بە تەمەنترین ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان، تەواو کرا. دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە چوو، هەموو لایەنە عەرەبییە شیعەکان (جگە لە رەوتی سەدر کە بە بەدەستهێنانی 73 کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن)، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی (ئیتاڕ تەنسیقی) رێکخست و ناڕەزایی خۆیان بە ئەنجامەکان راگەیاند و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیان کرد.