عێراق.. کۆنگرەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ساز دەکرێت

حکوومەتی عێراق کۆنگرەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتەکەی، ساز دەکات. عتور موسەوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژنان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە بەیانامەیەکدا، رایگەیاندووە: بەهۆی خراپیی باری ئابووری، زیادبوونی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و تێکچوونی خێزان، نەبوونی هەلی کار و زیادبوونی رێژەی بێکاری بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق. عتور موسەوی هەروەها رایگەیاندووە: وزارەتی کار ”بەم نزیکانە“ کۆنگرەیەکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ساز دەکات و وەزارەتەکانی ناوخۆ، دەرەوە، دارایی، پەروەردە، لاوان و تەندروستی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە کۆنگرەکە ئامادە دەبن. لە عێراق دەیان گرووپی چەکداریی مافیایی، توندڕەو و تیرۆستی بڵاوبوونەتەوە کە خراپیی بارودۆخی ئابووری و ناکارایی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەلاڕێدابردنی گەنجان و بەکارهێنانیان لە کارەکانیان بەتایبەت گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دەقۆزنەوە.