رۆژی پێنجشەممە 20ی 1ی 2022، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، كە فەرمانی گرتن بۆ چەند ئەفسەرێكی سوپای عێراق دەرچووە، كە لەو چەكانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بە سوپای عێراقی بەخشیون، فرۆشتوویانەتە میلیشیا چەكدارەكان. ماڵپەڕی RT لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە: “فەرمانی گرتن بۆ نزیكەی 10 ئەفسەری سوپای عێراق دەرچووە، بە تۆمەتی فرۆشتنی ئەو چەكانەی، كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رادەستی سوپای عێراقی كردوون”.ئاشكراشی كردووە: “ئەو چەكانەی كە ئەو ئەفسەرانە بە گرووپە چەكدارەكان فرۆشتوویانە بریتین لە جۆری سووك و مامناوەند، جگە لە فرۆشتنی كەرەستە و ئۆتۆمبێلی سەربازی”.لە 23ی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، ماڵپەڕی RT زانیاریی لەسەر ئەفسەرێكی عێراقی بڵاو كردبووەوە، كە لەو چەكانەی فرۆشتبوو، كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو چەند مانگەی رابردوودا پێشكەشی سوپای عێراقیان كردبوو. سەرچاوەكان ئەوكات بە RT راگەیاند: “ئەفسەرێكی سوپای عێراق، بە تۆمەتی فرۆشتنی ئەو چەكانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێشكەشی سوپای عێراقیان كردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا دەستگیر كراوە”.روونیشیان كردبووەوە: “ئەو ئەفسەرە دەستگیركراوە پلەیەكی بەرزی لە سوپای عێراقدا هەیە لە بەغدا”.ئاماژەشیان بۆ ئەوە كردبوو، كە جۆری چەكەكان لەنێوان چەكی سووك و مامناوەندا بووە.هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی هەواڵ، كە RT لەسەر زاری ئەوانی بڵاو كردووتەوە: “دادگای عێراقی فەرمانی گرتنی بۆ چەندین ئەفسەری دیكەیش دەركردووە، كە لە فرۆشتنی چەك بە گرووپە چەكدارەكان تێوە گلاون”.
میدیاكانی عێراق: بە تۆمەتی فرۆشتنی چەك بە گرووپە چەكدارەكان فەرمانی گرتن بۆ چەند ئەفسەرێكی سوپای عێراق دەرچووە
