تانك و زرێپۆشەكانی هاوپەیمانان گەیشتنە حەسەكە بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش

سەرچاوەیەكی كوردی ئاگادار رایگەیاند، پێكدادانێكی توند لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و شانەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە دەوروبەری گرتووخانەی سەناعە و گەڕەكی زهوور لە شاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەچێ، دوای ئەوەی شانەكانی داعش كۆنتڕۆڵی گرتووخانەكەیان كرد. لای خۆشیەوە هەسەدە رایگەیاند، 40 كوژراو و برینداریان لە ریزەكانیدا هەیە. سەرچاوەكە بۆ (باسنیوز) گوتی: “پێكدادانێكی توند لەنێوان شەڕكەرانی هەسەدە و شانەكانی داعشدا لەدەوروبەری گرتووخانەی سەناعە و گەڕەكی زهوور لە حەسەكە روویداوە و هەموو جۆرە چەكێكی گەورە و بچووك و مامناوەند بەكار هاتووە، دوای ئەوەی كە شانە نووستووەكانی داعش توانییان گرتووخانەی گەڕەكی گوێران كۆنتڕۆڵ بكەن”.گوتیشی: “هێزەكانی سووریای دیموكرات شكستیان هێناوە لە گرتنەوەی گرتووخانەكە لە بەری لای كۆلێژی ئابووری، ئەویش بەهۆی قەناسبەدەستەكانی داعش لە باكووری گرتووخانەكە”.سەرچاوەكە راشیگەیاند: “هێزەكانی هەسەدە بەدواداگەڕانێكیان لە گەڕەكەكانی نزیك گرتووخانەكە دەست پێكردووە، بەمەبەستی گەڕان بەدوای راكردووان، كە ژمارەیان لە 80 كەس زیاترە و زۆربەیان سەر بە رەگەزنامەی بیانین”.ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە چوار هەلیكۆپتەری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەو شوێنانە بۆردومان دەكەن، كە داعشەكان لە گەڕەكی گوێران و زهوور خۆیان تێدا قایم كردووە”.سەرچاوەكە ئەوەشی دوپات كردەوە، كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێز و پشتیوانیی سەربازییان لە بنكەی شەدادی لە شاری حەسەكە هێناوەتە فریایان، كە لەناویاندا تانك و زرێپۆشی جۆری برادلیی ئەمریكی و كەرەستەی دیكەی سەربازی هەیە، بۆ بەشداریكردن لەو چالاكییە دژ بە داعش.ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هێزەكانی سووریای دیموكرات پێنج هەزار شەڕكەری خۆی هێناوەتە شاری حەسەكە و زۆر بە چڕیی گەمارۆی گەڕەكەكانی داوە.ئەو سەرچاوەیە روونیشی كردەوە: “هێزەكانی سووریای دیموكرات گەمارۆی هەندێ لە گوندەكانی دەوروبەری حەسەكەیان داوە، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت، كە شانەكانی رێكخراوی داعش ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر هەسەدە دەكەن”.لای خۆیەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات رایگەیاند، كە لە كاتژمێرەكانی سەرتای شەڕەكە 17 شەڕكەری كوژراوە و 23 كەسی دیكەی بریندارن، ئەمە جگە لە كوژرانی 27 چەكداری داعش لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەدا.سەرچاوەیەكی كوردی بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “شانەكانی داعش توانیویانە گرتووخانەی سەناعە كۆرنتڕۆڵ بكەن، كە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی توانیویانە رابكەن و ژمارەیەك لە پاسەوان و كارگوزارەكانی گرتووخانەكەشیان وەك بارمتە دەستگیر كردووە، بەڵام هێزەكانی سووریای دیموكرات لەدەوروبەری شوێنەكە بڵاو بوونەتەوە و گەمارۆیان داوە و رێگریی دەكەن لە راكردنی گیراوەكانی ناو گرتووخانەكە”.سەرچاوەكە ئەوەشی پشتڕاست كردەوە، كە جەمال كۆبانی، بەڕێوەبەری گرتووخانەی سەناعە لە شەڕ و پێكدادانەكاندا كوژراوە.ئەو پێكدادانەی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و داعش بووەتە هۆی رەوی بەكۆمەڵی خەڵك لە گەڕەكەكانی گوێران و نەشوە و چەندین گەڕەكی دیكەی ناوەڕاست و باكووری شاری حەسەكە.گرتووخانەی سەناعە كەوتووەتە گەڕەكی گوێرانی شاری حەسەكە و بەپێی ئامارەكان، نزیكەی پێنج هەزار گیراوی ترسناكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدایە.