ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵند عەبدوڵا هونەرمەندی كورد لە وتارێكدا ڕەخنەی لە راگەیاندن و سۆشیال میدیاكانی كوردستان گرتووە بەوەی تەنها دیوە نەرێنی و ناخۆش و دەروون ڕووخێنەرەكانی كوردستان دەخەنەڕوو، هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر ناگوازنەوە. بڵند عەبدوڵا لە وتارەكەیدا بەناوی “تۆ بڵێی چیمەنی ماڵی دراوسێکەمان سەوزتر بێت لە هی خۆمان؟”، كە لە هەژماری فەیسبووكی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ “سۆشیالمیدیا و دەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندن بەڕاستی ڕۆڵێکی نەرێنیان پێوە دیارە لەچاو راستییەکان کە هەن. بە شێوەیەکی سیستەماتیکی تەنها دیوە نەرێنی و ناخۆش و هەواڵی دەروون ڕوخێنەر و دڵەڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە”. دەشپرسێ “ئایا هیچ هەواڵی دڵخۆشکەر نییە کە پێشانی بدەن؟ تکایە سیاسەتی کارکردنتان بگۆرن با کار و پیشەتان لە خزمەتی نەتەوەکەتان بێت، رووداوە نەشیاو و قێزەوەنەکان و جەرگبڕەکان مەخەنە سەر باس و شاشەی تیڤیەکان، بەڵکو باس لە هزر و فکری جوان بکەن. باس لە ژیانی گەنجێکی داهێنەر بکەن و بیکەن بە نمونە بۆ گەنجانی تر”. بڵند عەبدوڵا نووسیویەتی كە راگەیاندن و سۆشیال میدیا وایان لە تاکی کۆمەڵگا کردووە کە بە تەواوی ڕەشبین بێت و تەنها لایەنە نەرێنییەکان ببینێت و هەمیشە گلەیی بكات و جنێو بدات، سیمای شار و سروشتە جوان و رازاوەکەی خۆی لە لا ناشیرین بێت. دەشڵێ ئەم دیاردە نەرێنییانە زەنگی مەترسیدارن و دروستکەری دەستی خۆمانن، دەبێ هەتا زووە بیانکەین بە دیاردەی ئەرێنی، هەر تاکێك بەرپرسە لەخۆی و لە دابینکردنی ئایندەیەکی ڕوون و گەش بۆ خۆی، ناکرێ ئێمە تەنها پشت ببەستین بە کەسانی تر، هەموو کەوتنێكیش تەنها گوناهی کەسی سەرووی خۆت نیە، بەڵكو لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهاندا هەژاری هەیە. ئاماژەش بەوە دەدات كە زۆر لە وڵاتانی جیهان دەناڵێنن بەدەست کێشەی گەورە، کە تاکی کورد هەر پێشی نازانێت، تەنیا وا دەزانن کە کێشە و کەموکورتی هەر لە هەرێمەکەی ئەواندا هەیە، بەڵام خەڵکی وڵاتانی تر ناو ماڵی خۆیان تێک نادەن و لە کۆتاییدا کێشەکان چارەسەر دەکەن بێ ئەوەی باسی خۆیان بکەن بە نەرێنی. لە کۆتاییشدا تکای كردووە كە دیاردەی جنێودان و سوکایەتیکردن بەیەکتری بنبڕ بکەن و ناسنامەی نیشتیمانی بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی نەوەکان لە ئایندەدا شانازی بە ئاڵا و نیشتیمان و ناسنامەی كوردستانەوە بکەن.
بڵند عەبدوڵا: ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا تەنها دیوە نەرێنییەكانی كوردستان دەخەنەڕوو
