پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە لەسەر فەرمانی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو پیاوە دابین كرا كە لەسەر شەقام دەمایەوە. لە راگەیاندنێكی پارێزگای هەولێردا هاتووە كە دوای ئەوەی لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن بڵاوکرایەوە کە کەسێک بەناوی محەمەد، بەهۆی ئەوەی شەش مانگە لە ماڵەکەی دەرکراوە و لە گەڕەکی تەیراوە لەسەر شەقام دەمێنێتەوە و هیچ شوێنێکی نییە، لەسەر بڕیاری پارێزگار، بردرایە خانەی بەساڵاچووان و هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کرا، تیمیکی تەندروستییش ڕاسپێردرا هەموو چارەسەرێکی بۆ بكەن. جێی باسە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن تیمی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر و لەسەر بڕیاری پارێزگاری هەولێر، دوو جاری تر لە 2021.11.28 و 2022.1.5 داوا لەو كەسە کراوە ببرێت بۆ خانەی بەساڵاچووان و شوێنکی بۆ دابین بکرێت، بەڵام خۆی ڕەزامەندی نەداوە و رەتی كردووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو پیاوە دابین دەكات كە لەسەر شەقام دەمایەوە
