ئەمشەوی یەكشەممە شێخ سائیر بەیاتی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی عەشایەری عەرەبی رای گەیاند لە عێراقدا سەرۆك بارزانی و موقتەدا سەدر ڕێبەری راستەقینەن، ئەوانی تر تەنها بەقسە سەركردەن. بەیاتی لە دیدارێكی راستەوخۆ كەناڵی “دیجلە”ی عێراقیدا ئاماژەشی بەوەدا كە یەكەم كاری حكوومەتی نوێی عێراق، لێپرسینەوە دەبێت لە كەیسی كەوتنی مووسڵ بەدەستی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ دادگاییكردنی نووری مالیكی كە ئەوسا سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوو، بەردەوام وەك تۆمەتباری سەرەكی لەم شكستە گەورەیەی مێژووی وڵاتەكە، ناوی دەهێندرێت. شێخ سائیر بەیاتی هەروەها رای گەیاند تەواوی سەركردەكانی عێراق هەموو ڕۆژێ، بێ وەستان و بەنۆرە لە ڕێگەی هەولێرن بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی و لە ڕێگەی حەننانەن بۆ سەردانی موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان، لەپێناو بەشداریپێكردنیان لە حكوومەتی داهاتووی عێراق. بەیاتی لەبارەی پتەوی حكوومەتی داهاتوو و خۆراگری بەرانبەر هێرشەكان لە بەغدای پایتەختی فیدراڵی گوتی كە موقتەدا سەدر جەماوەرێكی دیاریكراو و پابەندی هەیە، هەروەها هێزێكی پابەندیشی لەژێر دەستدایە، بۆ پاراستنی حكوومەتی داهاتوو. ئەوەشی راگەیاند كە ئەگەرێكی گەورە هەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی و پاشكۆكانی ببنە ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی نوێ.