ئەمڕۆ دووشەممە چاودێرێكی سیاسیی عێراقی رای گەیاند دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دەبێتە دواهەمین هەل و عێراق لە كێشەی زۆر دەرباز دەكات. عەلی بەیدەر چاودێری سیاسیی عێراقی بە “باسنیوز”ی راگەیاند ئەو دەستپێشخەرییەی ڕێبەری كورد مەسعود بارزانی پێشكەشی كردووە و شاندێكی باڵای ناردووەتە لای موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان، وەكو دواهەمین هەلی چارەسەركردنی ئەو تەنگژە سیاسییەیە كە ئێستا وڵاتەكەی گرتووەتەوە. بەیدەر دەشڵێ ئەم دەستپێشخەرییە عێراق لە چوونە ناو چەندین تەنگژەی قووڵەوە دەرباز دەكات، دەستپێشخەرییەكی لۆژیكییە و هەموو لایەنەكان بەمافی خۆیان دەگەیەنێت. چاودێرە سیاسییەكە ئاماژەشی بەوە دا كە ڕێبەری كوردستان پەیوەندیی ڕێكوپێك و باشی لەگەڵ تەواوی لایەنەكان هەیە، كە وا دەكات بتوانێت دەستپێشخەرییەكی لەم شێوەیە بكات و لە كۆتاییشدا ئەنجامەكەی لە خزمەتی گشتییدا بێت لەسەر ئاستی تەواوی عێراق. چاودێرە عێراقییەكە پێی وایە لە ماوەی هەفتەیەكدا دەرەنجامی ئەرێنیی ئەم دەستپێشخەرییە دەربكەوێت. جێی باسە ئهمڕۆ دووشهممه سهرۆك بارزانى پهیامێكى بڵاو كردهوه و رای گەیاند “لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتە ڕوو، لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەد، پێشنیارم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی، سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن”. سهرۆك بارزانى ههروهها ئاماژهى بهوه داوە “هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت”.