كارتۆنی سمپسۆن پێشبینی ڕووداوی كەوتنە چاڵی رەیانی مەغریبی كردووە

زنجیرە كارتۆنی سمپسۆن یان خێزانی سمپسۆن كە ناوبانگێكی جیهانی هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی پێشبینیكردنی چەندین ڕووداو، بە جۆرێك لە جۆرەكان پێشبینی ڕووداوی كەوتنە چاڵی ڕەیانی مەغریبیش كردووە. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆكی ئەمریكا، دەركەوت لە كارتۆنی سمپسۆنزدا پێشبینی كراوە كەسایەتییەكی لە رووخسار و ئاكار نزیك لە ترەمپ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، كارتۆنەكە ناوبانگەكەی زیاتر بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ئەمڕۆش دوای رۆژێك لە دەرهێنانی رەیانی تەمەن پێنج ساڵ لە چاڵەكەی گوندێكی مەغریب، جارێكی تر كارتۆنی سمپسۆن بووەوە جێی باسی میدیاكانی جیهان. ئەگەرچی كۆتایی رووداوەكەی رەیانی مەغریبی كارەساتئامێز بوو، چونكە رەیان نەیتوانی تا كۆتایی بەرگە بگرێت و گیانی لەدەست دا، بەڵام لە كارتۆنی سمپسۆنزدا ئەو منداڵەی خێزانی سمپسۆن كە دەكەوێتە چاڵێكی هاوشێوەی ئەو چاڵەی لە مەغریب ڕەیانی تێكەوت، لە كۆتاییدا ڕزگار دەكرێت و بەزیندوویی دەردەهێندرێت.