موقتەدا سەدر لەبارەی كوژرانی لایەنگرەكەیەوە داوای هێوربوونەوە لە عەسایب دەكات

ئەمشەوی چوارشەممە موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له ‌په‌یامێكدا لەبارەی كوژرانی لایەنگرێكی ڕەوتەكەی لە پارێزگای میسان بەدەستی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەق، داوای هێوركردنەوەی دۆخەكەی لە لایەنگرانی خۆی و چەكدارانی عەسایب كرد. سەدر لە پەیامێكدا داوای كردووە هەردوولا دان به‌خۆیاندا بگرن، ئاسایش و ئارامیی پارێزگای میسان بپارێزن. سەدر دووپاتی كردووەتەوە كە به‌دواداچوون بۆ دۆخی ئەمنیی میسان دەكەن و لە رووداوی تیرۆركردنەكانی پارێزگاكە دەكۆڵنەوە. موقته‌دا سه‌در هەروەها داوای له‌ میلیشیای عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌ق كردووە هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخی پارێزگای میسان بدەن، دەشڵێ ئەستەمە لە هیچ بارودۆخێكدا ڕێگە بدەن ئاژاوە و شەڕ هەڵبگیرسێت. جێی باسە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دەمودەست لە دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پارێزگای میسان، كە بۆ بەدواداچوونی چەند دۆسیەیەكی تیرۆركردن رووی لە پارێزگاكە كردبوو، چەند ماتۆرسوارێك تەقەیان لە كه‌ڕاڕ ئه‌بو ره‌غیف یەكێك لە فه‌رمانده‌كانی میلیشیای سه‌رایا ئەلسه‌لامی سەر بە ڕەوتی سەدر كرد و كوشتیان، خێزانه‌كه‌شی به‌سه‌ختی بریندار كرا.