UN: ئەگەری گەڕانەوەی داعش هەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسێكی باڵای ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند ئەگەری گەڕانەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئارادایە، بەتایبەتی كە زانیارییان هەیە لەبارەی ئەوەی هێشتا ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە پارەیەكی زۆری بەدەستەوە ماوە. ڤلادیمێر فۆرۆنكۆڤ بریكاری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی تیرۆر هۆشداری داوە لە گەڕانەوەی داعش و دەڵێ هێرشەكەی ئەم دواییەی حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان زەنگێكی مەترسیداری ئەو گەڕانەوەیەیە، بەتایبەتییش كە هێشتا لە ڕووی ئابوورییەوە داهاتێكی گرنگی هەیە و قەبارەی داراییان دەیان ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە. فۆرۆنكۆڤ ئەوەشی گوتووە جگە لە داعش، هێشتا ڕێكخراوی ئەلقاعیدەش مەترسی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی ماوە. بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە شەڕی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییانە لە ڕووی سەربازییەوە بەس نییە، بەڵكو دەبێ ڕێوشوێنی خۆپارێزییش بیگیرێتەبەر بۆ سنوورداركردنی مەترسییەكانیان. بریكاری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی تیرۆر هۆشداریشی لەوە داوە كە داعش تا ئێستاش بەردەوامە لە وەرگرتنی تیرۆریستی نوێ و ژمارەی ئەندامەكانی لە زیادبووندایە.