وەزیری دەرەوەی حکوومەتەکەی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هیوای چاکبوونەوە بۆ سەرکۆماری تورکیا دەخوازێت. هەژماری ئەمارەتی ئیسلامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە، مەولەوی ئەمیرخان، وەزیری دەرەوەی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە. لەو پەیوەندییەدا، مەولەوی ئەمیرخان لە بارودۆخی تەندروستیی رەخەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیای پرسیوە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ ئەردۆغان و هاوسەرەکەی خواستووە. رۆژی 5-2-2022، رەجەب تەییب ئەردۆغان تووشبوونی خۆی و ئامینە ئەردۆغانی هاوسەری بە پەتای کۆرۆنا گۆڕاوە ئەفریقییەکە (ئۆمیکرۆن)، راگەیاند. دوای رێککەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی 15-8-2021، چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵات و بەمەش تاڵیبان تەواوی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد. تاڵیبان دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی ئەفغانستان، حکوومەتێکی بۆ وڵاتەکە بە ناوی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان، پێک هێنا. تاڵیبان بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامیی توندڕەوی ئەفغانییە. لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا گرت و لە ساڵی 2001 لە ئەنجامی هێرشی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رژێمەکەی رووخا.