ئەمڕۆ هەینی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، تاقانەیەكی ئەنفال كە چوار كوڕ و چوار كچ و هاوژینەكەشی لە شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا لە ساڵی 1988 ئەنفال كراون، بەتەنیا كۆچی دوایی كرد. بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنی ئەنفال لە چەمچەماڵ كە سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ڕاگەیەندراوێكدا بۆ كۆچی دوایی مام مەحموود عەلی تاقانەی ئەنفال پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوە و دڵگرانی دەربڕیوە بە كۆچی دوایی مام مەحموود عەلی، كە چوار كوڕ و چوار كچ و هاوسەرەكەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن و زیاتر لە 33 ساڵە لە گوندی جەلەمۆرد لە خانویەكی قوڕدا بەتەنیا دەژیا. بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنی ئەنفال لە چەمچەماڵ، ئەوەشی بۆ كۆچی دوایی مام مەحموود نووسیوە، كە مام مەحموود لە ساڵی 2015 لە كورتە فیلمێكی دیكۆمێنتاری بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال باسی لەوە كردووە بەهۆی ئەوەی نازانێ خواردن دروست بكات، زۆرینەی ژەمە سەرەكییەكانی نان و چایە. گوندی جەلەمۆرد لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی ئاغجەلەرە سەر بە قەزای چەمچەماڵ.