شیلادزێ.. کەسێک هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی نزیکەی 200 ملیۆن دیناری هاووڵاتیان دەبات

کەسێک لە شارەدێی شیلادزێ لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی 200 ملیۆن دیناری هاووڵاتیان دەبات و هەڵدێت. هاووڵاتییەک کە پارەی کەوتووەتە لای ئەو کەسە و نەیویست ناوی بڵاو بکەینەوە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ئەو کەسە ناوی حوسێن خەلیلە و پیشەی پۆلیسە، بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر پارەی لە خەڵک وەرگرتووە بە بیانووی ئەوەی کاری پێدەکات و قازانجکەیان دەداتەوە. بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە، حوسێن خەلیل کە نزیکەی 200 ملیۆن دیناری هاووڵاتیانی لایە، دوو هەفتەیە خۆی ون کردووە و هیچ کەسێک نازانێت بۆ کوێ هەڵاتووە. مقەدەم سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ئاگاداری ئەو بابەتەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە، تاوەکوو ئێستا دەستیان بە بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە نەکردووە. پێشتر لە کۆتایی ساڵی 2020، کەسێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە قەڵادزێ نزیکەی 10 ملیۆن دۆلاری هاووڵاتیانی بە فرتوفێڵ برد و دواتر مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند.