پۆلیسی كەركووك لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە

بڕیارە تاكوو ئەمشەو شەممە پۆلیسی كەركووك بكەوێتە دوا حاڵەتی ئامادە باشییەوە و فەرماندەی پۆلیسی كەركووك ڕایدەگەیەنێت، پۆلیسی كەركووك لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە. دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەمڕۆ شەممە پەیوەندی بە هەموو ئەو پۆلیس و ئەفسەرانی پۆلیسەوە كراوە ئەوانەی كە لە مۆڵەتدان تاوەكوو ئەمشەو شەممە بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان و پۆلیس دەخرێتە حاڵەتی ئامادەباشی (ج)یمەوە. باس لەوە دەكرێ كە هەندێ زانیاریی هەواڵگیری هەیە كە تیرۆریستان لێرەو لەوێ نیازی ئەنجامی هێرشیان هەبێت. لە بارەی حاڵەتی ئامادەباشی پۆلیسی كەركووكەوە، ئەمڕۆ شەممە 12/2/2022، عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ماوەیەكە پۆلیسی كەركووك لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و پرۆسەی مومارەسەی ئەمنیی دەست پێكردووە و كێشەی وا نییە لەسەر كەركووك و دەوروبەری تەنیا مومارەسەی كارەكانی خۆمانە”. لەبارەی ئەوەی ئەمڕۆ پۆلیسی كەركووك دەخرێتە دوا حاڵەتی ئامادەباشییەوە، فەرماندەكەی پۆلیسی كەركووك، گوتی: “ئێمە مانگێكە لە حاڵەتی ئامادەباشیداین بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و ئەوانەی لە یاسا دەرچوونە و هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی دۆخیی ئەمنی باش بێ و مەترسی لەسەر شاری كەركووك نییە”. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەوەی كە بۆچی بڕیارە تاكوو ئەمشەو شەممە پۆلیسی كەركووك بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، (باسنیوز) پەیوەندی بە دوو ئەفسەری تری پۆلیسەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون. لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دۆخیی ئەمنیی كەركووك نالەبارە و هێزە ئەمنیی و سەپێندراوەكان نەیانتوانیوە دۆخیی ئەمنیی بپارێزن و جموجۆڵی داعشیش لە دەوروبەری شارەكە بەردەوامە.