پسپۆڕێکی ئەمنی: بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە پاسەوانی سنووری عێراقی بەهێزترن

پسپۆڕێکی ئەمنیی عێراقی رایدەگەیەنێت، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، لە پاسەوانی سنووری عێراقی بەهێزترن. سەرمەد ئەلبەیاتی، پسپۆڕی ئەمنیی عێراقی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: میسان 270 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و ”ژمارەی ئەو هێزانەی سنوورەکە دەپارێزن، کەمە“. سەرمەد ئەلبەیاتی بە ئاماژەکردن بەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە پاسەوانی سنوور بەهێزترن، رایگەیاند: تەنیا دوو لیوای پاسەوانی سنوور سنووری نێوان میسان و ئێران دەپارێزن و چەکی زۆر سەرەتاییان هەیە، ”چەکی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان زۆر پێشکەوتووترە“. ئەو پسپۆڕە ئەمنییە پێیوایە چوار جۆر تاوان لە سنووری پارێزگای میسان بڵاوبووەتەوە کە بریتین لە: – بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان – شەڕی عەشایری – تاوانی رێکخراوی وەک دزیکردن و رێگریکردن و .. هتد. – تاوانی رێکخراوی پەیوەندیدار بە سیاسەت بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای میسان زۆر بەربڵاوە و مافیاکان دەستیان بە کوشتنی هەموو ئەو دادوەر و بەرپرسە ئەمنییانە کردووە کە هەوڵی رێگریکردن لە بازرگانییەکەی ئەوان دەدەن. رۆژی شەممە 5-2-2022، ژمارەیەک چەکدار لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دەستڕێژی گوللەیان لە دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ئەلساعدی، دادوەری تایبەت بە کەیسەکانی ماددە هۆشبەرەکان، لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی شەبانە لە شاری عەمارەی سەنتەری پارێزگای میسان کرد و بەهۆیەوە ئەو دادوەرە دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.