شێخ موزاحم ئەلحوێت: هۆزە عەرەبییەکان بڕیارە سیاسییەکەی دادگای فیدراڵی رەت دەکەنەوە

گوتەبێژی فەرمیی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هۆزە عەرەبییەکان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی نەوتی کوردستان رەت دەکەنەوە. رۆژی سێشەممە 15-2-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لە دژی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد. شێخ موزاحم ئەلحوێت، گوتەبێژی فەرمیی هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: بڕیارەکە بە ئامانجی دروستکردنی ئاژاوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، دەرکراوە. شێخ موزاحم ئەلحوێت پێیوایە ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی بەهۆی گوشار و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەرکراوە. ئەو شێخە عەرەبە بڕیارەکەی بە سیاسی ناوبرد و رایگەیاند: ئەو بڕیارە بڕیارێکی سیاسی، نایاسایی و نادەستوورییە و دادگای باڵای فیدراڵی نەبوونی حکوومەتێکی ”شەرعی“ قۆستووەتەوە و بڕیارەکەی دەرکردووە. شێخ موزاحم ئەلحوێت ئاماژەی بەوەش کرد، راستە ئەو بڕیارە لە دادگا دەرچووە، بەڵام لەسەر بنەمای ”ئەجێندای دەرەوکی و ناوخۆیی دەرچووە و لایەنە سیاسییەکان لە پشتییەوەن“. ئەلحوێت جەختی لەوە کردەوە، هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە ”کە بە تاوان دژی گەلی کوردستان دادەنرێت“، رەت دەکەنەوە و دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.