بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمشەو و سبەی یەکشەممە هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات. ئەمشەو شەممە 19/2/2022، کەشناسی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “ئەمشەو شەپۆڵێکى بارانبارین تەواوى ناوچەکەمان دەگرێتەوە، لە کاتەکانى بەرەبەیانى رۆژى یەکشەممە ئەم شەپۆلە چالاک دەبێت و باران بە ئاستى جیاواز دەبارێت”. ئاماژە بەوەش دراوە: “سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان بارانبارینى مامناوەند و بە لێزمەى دەبێت هەندێ کات هەورە تریشقەى دەبێت و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێریش بە تایبەتى ناوچە شاخاوییەکان لێزمە بارانى دەبێت سنوورى پارێزگاى دهۆکیش بارانبارینى کەمتر دەبێت لە چاو ناوچەکانى تر”. ئەوەش خراوەتە روو کە بەفر لەسەر بەشێک لە لووتکەى شاخە بەرزەکان دەبارێت و ئێوارەى رۆژى یەکشەممە کاریگەرى ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان کۆتایی دێت.