لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی لێژنەی پەرەپێدانی هاتوچۆ ئەنجامدرا و پارێزگاری هەولێر جەخت لە بەپەلە چارەسەرکردنى ئەو شوێن و شەقامانە دەکاتەوە کە قەرەباڵغییەکى زۆریان کەوتووەتەسەر. پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21/2/2022، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، سەبارەت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر، کۆبوونەوەی لێژنەی پەرەپێدانی هاتووچۆ، ئەنجامدرا”. ئەوەش خراوەتە روو: “لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و بەڕێوەبەرى ئەندازەی هاتوچۆ ئامادەی بوون، جگە لە پێداچوونەوە بە راسپاردە و بڕیارەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، بەگشتیی گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتوچۆی ناو شاری هەولێر کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شەقامە و شوستەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بەچاککردن و نۆژەنکردنەوە هەیە”. هەروەها پارێزگارى هەولێر جەختی لە چارەسەرکردنی تەواوى ئەو شوێن و شەقامانە کردەوە کە لەچەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغییەکى زۆریان لەسەرە.
هەولێر.. کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی شەقامەکان ئەنجام درا
