پارێزگارى هه‌ولێر، له فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، پێشوازیى لە هەردوو ئەستێرەى تۆپى پێى جیهانى ڕۆبێرتۆ کارلۆس و پاتریك كڵۆیڤێرت کرد. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22/2/2022، پارێزگاى هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا ئاماژه به‌وه دراوه، سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرىی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر، لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هه‌ولێر پێشوازىی لە ڕۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەى ڕیال مەدرید و پاتریك كڵۆیڤێرت، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەى به‌رشلۆنه کرد. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو، لە دیدارەکەیدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بە گەرمى بەخێرهێنانیان بۆ پایتەختى هەرێمى کوردستان، هیواى خواست کاتەکانیان لە هەولێر بەخۆشى بەسەر بەرن، هەروەها پێى ڕاگەیاندن، کە ئێوە دوو یاریزان و ئەستێرەى جیهانى خۆشەویستن لەلاى ئێمە و لەنێو لاوانى هەولێر و هەرێمى کوردستان بە گشتى و خاوەنى هەزارەها هەوادارن، لەو ڕۆژانەى کە لە پایتەختى هەرێمى کوردستانن ئەوە بە چاوى خۆتان دەبینن، بەو ئومێده‌ى ئەوەش یەکەم سەردان و دوا سەردانتان نەبێت بۆ هەولێرى پایتەخت. لەلایەن خۆیانەوە هەردوو ئەستێرەى تۆپی پێى جیهانى ڕۆبێرتۆ کارلۆس و پاتریك كڵۆیڤێرت، زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى کە لێیان کرا و خۆشحاڵیى خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت نیشان دا. بڕیار وایه سبه‌ى چوارشه‌ممه یارییه‌كى دۆستانه له نێوان تیپى هاوڕێكانى ڕۆبێرتۆ کارلۆس و پاتریك كڵۆیڤێرت له یاریگاى (شه‌هید فڕه‌نسۆ هه‌ریری) له هه‌ولێر به‌ڕێوه بچێت.