سلێمانی.. کەسێک بە تۆمەتی فێڵكردن لە هاووڵاتییان دەستگیر کرا

مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگاری لە سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە چەندین فەرمانی ده‌ستگیركردنی‌ هەبووە بەتۆمەتی فێڵكردن لە هاووڵاتییان. ئەمڕۆ سێشەممە 22/2/2022، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران، لەپلانێكی تۆكمەدا توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە تۆمەتبارێك دەستگیربكرێت كە چەندین فەرمانی ده‌ستگیركردنی‌ هەبووە لەشاری هەولێرو بنكەكانی ناوشاری‌ سلێمانی‌ بەپێی ماددەكانی 453 ، 456 ، 421 لە یاسای سزادانی عێراقی”. ئەوەش خراوەتە روو: “ئێستا تۆمەتبار (ه، ح، ح) كه‌ پێشینه‌ی‌ تاوانی‌ هه‌یه‌، بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و دوای‌ ته‌واوكردنی‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان ره‌وانه‌ی‌ ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كرێت كه‌ سكاڵای‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ و فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ هه‌بووه‌”.