ئەمریكا كۆمپانیایەكی گواستنەوەی غازی رووسیا سزا دەدات

ئەمڕۆ چوارشەممە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا سەپاندنی سزای بەسەر كۆمپانیایەكی گواستنەوەی سووتەمەنی رووسیا راگەیاند، كە سووتەمەنی بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە، ئەمەش پێدەچێت سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووتەمەنی بێت لە ئەورووپا. كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە جۆ بایدن سزای بەسەر كۆمپانیای “Nord Streeam 2 AG”دا سەپاندووە، كە تایبەتە بەخستنەگەڕی پرۆژەی “North Stream2″ی هێڵی بۆڕییەكانی غازی نێوان رووسیا و ئەڵمانیا. بایدن لەمبارەیەوە رای گەیاندووە لەوەتەی رووسیا دەستی بەبڵاوكردنەوەی هێزەكانی خۆی لەسەر سنووری ئۆكراینا كردووە، ئەمریكا بەچڕی لەگەڵ هاوكارەكانیدا كاری كردووە تا بەتوندی و یەكگرتووانە بەرپەرچی رووسیا بدەنەوە، بەتایبەتییش لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیادا. هەروەها دەڵێ لەگەڵ ئەڵمانیادا ئەوەیان یەكلا كردووەتەوە كە هێڵەكانی بۆڕی گازی نێوان رووسیا و ئەڵمانیا رابگرن، ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لە شەڕانگێزییەكەی بۆ سەر ئۆكراینا. بەم شێوەیە لەگەڵ وەستاندنی گواستنەوەی گازی رووسیا بۆ ئەڵمانیا و ئەورووپا، چاوەڕێی سەرهەڵدانی قەیرانی گاز لە ناوچەكەدا دەكرێت.