سەرۆکی ئۆکراینا رەخنە لە بێهەڵوێستیی وڵاتان دەگرێت

سەرۆکی ئۆکراینا رەخنە لە بێهەڵوێستیی وڵاتان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، سەپاندنی سزا ئابوورییەکان بەسەر رووسیا بەس نین. ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، رایگەیاندووە: سوپای رووسیا لە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستی بە هێرشە مووشەکییەکان کردووە. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی هەروەها رایگەیاندووە: هێزەکانی وڵاتەکەی توانیویانە هێرشی زەمینیی سوپای رووسیا لە زۆرینەی بەرەکانی شەڕ، رابگرن. سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی رووسیا بنکە سەربازییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان وەک یەک دەکەنە ئامانج و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا ناکەن. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی رەخنەی لە بێهەڵوێستیی وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا گرتووە و رایگەیاندووە: جیهان لە دوورەوە چاودێریی رووداوەکان لە ئۆکراینا دەکات، ”سزا ئابوورییەکان بەسەر رووسیا بەس نین“، وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستیی وڵاتەکەی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی. زیلینسکی لە شەوی پێنجشەممە 24-2-2022 رایگەیاندبوو: رووسیا کوشتنی ئەوی کردووەتە ئامانجی یەکەم و لەناوبردنی خێزانەکەشی کردووەتە ئامانجی دووەم، ”دەیانەوێ لەڕێی لەناوبردنی من ئۆکرانیا وێران بکەن“. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاری دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە دژی ئۆکراینا دا و شەڕ دەستی پێکرد. دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:نەیگەرانە بەو هێرشانە و لەگەڵ هاوسەرەکەی نزا بۆ ئۆکراینا دەکەن.