سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ”پێویستە هێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن“. ئەمڕۆ شەممە 5-3-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 31ـەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان لە مانگی ئاداری 1991، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە. دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی: پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕین لە ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بەدەست بهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت. یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی ڕاپەڕینی 1991 ئەوەبوو ، کە هەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە. ئەمڕۆش پێویستە هێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون. ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە. شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان . مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان