مامۆستایەكی زانكۆ وەڵامی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی ئێستا و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی پێشوو دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە خەڵكی، هەرێمی كوردستان بە نیشتمانی خۆیان دەزانن و جێی ناهێڵن، بەڵام ”تۆ دەتوانیت بچیتە ئەفغانستان یان سووریا بژیت، مادام خۆت بە كوردستانی نازانیت“. عەلی باپیری، سەرۆكی كۆمەڵ، لە راگەیاندراوێكدا كە چاودێران بە ڕاگەیێندراوێكی بوغزاویی پڕ لە كینە لەقەڵەمیان داوە، چەواشەكارییەكی زۆری كردووە و “ئازادیخوازی و عەداڵەتخوازی” بە خەڵكی فرۆشتووتەوە. لە بەرامبەردا د. مهدحهت سلێمان، مامۆستای زانكۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “عهلی باپیر ههرگیز خۆی به كوردستانی نەزانیوە، ئەو كەسێكە لهبهردهم سروودی مەوتینیی عێراق هەڵدەستێتەوە و لەبەر سرووی ئەی رەقیب هەڵناستێتەوە، هەروەك لە كاتی خیانەتكردن لە كوردستان هەروەك لە ١٦ی ئۆكتۆبەر بینیمان، میدیاكەی دەخاتە خزمەتی میلیشیاكانی سەر بە داگیركەران”. باسیشی لەوە كرد كە لەجیاتی ئەوەی عەلی باپیر هانی خەڵكی بدات بۆ جێهێشتنی كوردستان، لە كاتێكدا دەزانێت خەڵكی قوربانییان لەپێناو كوردستان داوە و بە نیشتمانی خۆیانی دەزانن، بەڵام “مادام خۆی بە كوردستانی نازانێت، با خۆی بڕوات جا دەچێتە ئەفغانستان یان سووریا و لەوێ بژی یان هەروەك بانگەشەی بۆ دەكات، بچێ لەوێ جیهادەكەی بكات”. ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕوونی كردەوە كە عەلی باپیر بەشێكی كەسوكارەكەی ناردووە لە بەریتانیا دەژین، خۆیشی ماوە نا ماوە دەچێتە ئەو وڵاتە، “هەموومان دەزانین ژیان لە بەریتانیا چەندە قورسە، دەی با شەفاف بێت و بۆ خەڵكی ڕوون بكاتەوە بە چ پارەیەك خەرجیی بەریتانیا دەكەن؟”. د. مەدحەت سلێمان باسی لەو ناشەفافییە كرد كە لەنێو كۆمەڵدا هەیە و ڕوونی كردەوە كە “وهزیری كۆمەڵ ههبووه دوو مووچهی ههبووه، كهچی خهڵكی چەواشە كردووە، هەروەها حزبەكەی عەلی باپیر كۆمەڵێك میدیا و بارەگای زۆر و زەوەندی هەیە، تا ئێستا نەمانبینی شەفافانە سەرچاوەی داهاتی ئاشكرا بكات، بۆیە پێش ئەوەی تانە و تەشەر لە خەڵك بگرێت، با ئاوڕێك لە خۆی و حزبەكەی بداتەوە”. بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ”عەلی باپیر و هاوئاوازەكانی نۆكهری بێگانهن و هاوسۆزی خیانەتكارانن و بەردەوام بە مەبەست هەوڵی نەهێشتن و كەمكردنەوەی هەستی نیشتمانی لای گەنجانی كوردستان دەدەن و بە چەواشەكارییەكانیان دەیانخەڵەتێنن“.