ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنی سیسی و پوتین ئاشکرا دەکرێت

سەرکۆماری میسر بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆکی رووسیاوە دەکات و سەرۆکایەتیی میسر ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاشکرا دەکات. بەسام رازی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری میسر لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 9-3-2022، عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیاوە کردووە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، عەبدولفەتاح سیسی و ڤلادیمێر پوتین گفتوگۆیان لەبارەی رێگەکانی پتەوکردنی هاوکاریی ستراتیژیی نێوان مۆسکۆ و قاهیرە، کردووە. هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرکۆماری میسر جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و رێگرتن لە ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەکە ”بە رێگەی دیپلۆماسی“، کردووەتەوە. تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەی سیسی و پوتین، پارێزراویی هاووڵاتیانی میسر لە ئۆکراینا بووە کە سوپای رووسیا رێکاری تایبەتی بۆ چوونە دەرەوەی میسرییەکان لە ناوچەکانی شەڕ، گرتووەتە بەر. سوپای رووسیا لە رۆژی 24-2-2022ـەوە بە بڕیاری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی وڵاتەکەی، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئۆکراینا دەست پێکردووە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.