پارێزگاری هەولێر: دەزگا ئەمنییەکان بە زووترین کات ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا دەکەن

دوای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ کونسوڵخانەی ئەمریکا، پارێزگاری هەولێر کەناڵی کوردستان 24 بەسەر دەکاتەوە. مووشەکەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-3-2022 ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر کران و زیانی ماددی بە دەوروبەری کونسوڵخانەکە گەیاندووە. بەهۆی کاریگەریی مووشەکەکانەوە، تەنیا زیانی ماددی بەر باڵەخانەی کەناڵی کوردستان 24 کەوتووە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کەناڵی کوردستان 24ـی بەسەر کردەوە و لە لێدوانێکدا رایگەیاند: بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن و دەزگا ئەمنییەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکەن. ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند: هێرشەکە کردەیەکی تیرۆریستی بووە و هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، زانیای سەرەتایی لەبارەی هێرشەکەوە کەوتووەتە دەست هێزە ئەمنییەکان و بە زووترین کات ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا دەکەن