ئەمڕۆ 31مین ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری دهۆک و دەوروبەری دژی ڕژێمی بەعسە

31 ساڵ لەمەوبەر، یەكەمین كڵپەی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دژی دامودەزگاكانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسی عێراق لە شاری ڕانیەوە ڕۆژی 5/3/1991 دەستی پێ‌ كرد کە دواتر بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسرا و لە ڕۆژانی دواتردا هەموو شار و ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە و هەموو خاکی باشووری کوردستان لە هێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کرایەوە.  لە نۆیەمین ڕۆژی ڕاپەڕیندا، ڕێکەوتی 14/3/1991 بەپێی پلان و بەرنامەی لەپێشدا داڕێژراوی ڕێکخستنی ناوشاری حزبە کوردستانییەکان و جەماوەری خەڵک لەدژی دامودەزگاکانی حزبی بەعس، جەماوەری خۆڕاگری شاری دهۆک و دەوروبەری لەدژی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و هەتا ئێوارە زۆربەی ناوچەکان لە ئاسەوارەکانی دەسەڵاتی بەعس پاک کرانەوە. بەپێی زانیارییەکان لە ١٤ی ئاداری ١٩٩١ هەر لە بەرەبەیانەوە جەماوەری دھۆک لە گەڕەکی “بەرۆشکێ”ی لای سەرەوە لەدژی حکوومەتی بەعس ڕاپەڕین و دەوری دایەرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و لیوا و فیرقەی حزبـی بەعسیان دا و ھێرشیان کردە سەریان و تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران.  جگە لە ئەمنخانە نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، پاش گیرانی ئەمنخانە، ناوچەکانی “زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسنک، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلووک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتیفا، بێگۆڤا و… تاد” ئازاد کران. بۆ ڕۆژانی دواتر ”ناحیەی کانی ماسێ و ناوچەکانی بەرواری باڵا و ڕێکان”یش ئازاد کران، بۆیە بنکە سەربازییەکانی سەر چیاکانی گارە و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون. لەدوای ڕاپەڕین، کاروانی ئاوەدانی لە زۆر بوارەوە ڕووی لە پارێزگای دهۆک کردووە و لە بواری زانستییەوە ئێستا دهۆک چەندان زانکۆی مەزنی نێودەوڵەتیی تێدایە و لە بواری خزمەتگوزاریی تەندروستیشەوە چەندان نەخۆشخانەی پێشکەوتوو و سەردەمیانە لە دهۆک هەیە و دەیان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیی ئاو و ڕێگەوبان و شاری پیشەسازی و خزمەتگوزاریی تریش جێبەجێ کراون و ئێستاش لە دەستی جێبەجێکردندان.