دوێنێ لە سەروبەندی یادكردنەوەی شەهیدان و قوربانیانی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، پیاوێکى هەڵەبجەیی بە ناوی (لوقمان) كە ریشێكی درێژی هێشتووەتەوە و سمێڵی تاشیوە، لەناو بازاڕى هەڵەبجەدا بە تووڕەیی بۆ میدیاكان دوا و وەها خۆی ناساند كە خاوەنی چەند شەهیدێكی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، بەڵام جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە، ئەو قسانەی رەت دەکاتەوە و دەڵێ: “ئەو پیاوە، هیچ شەهیدێكی لە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا نییە”. جێی باسە، قسەكانی ئەو (لوقمان) ناوەی نێو بازاڕی هەڵەبجە، كە بە ناوی برای سێ شەهیدی كیمیابارانی هەڵەبجەوە (دوو برا و خوشكێك) دوا و گەردنی سەدامی دیكتاتۆر و رژێمی بەعسی ئازاد كرد لەپای ئەو هەموو تاوانە، لەلایەن بەشێک لە میدیا كوردییە نەیارەكانی کوردستانەوە، قۆسترایەوە و بەبێ بەدواداچوونى ڕاستىییەكان، نەك هەر شاشە و ماڵپەڕ و پەیجە رەسمیەكانی خۆیان، بەڵكوو سۆشیاڵ میدیای كوردییان پڕ کرد لە لێدوانی ئەو هاووڵاتیە. بەڵام لە بەدواچوونێكی (باسنیوز)دا، ئاراس عابید، جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە، پێی راگەیاندین: “بەیانیى ئەمڕۆ لەگەڵ براى ئەو هاووڵاتییە قسەم کرد مەبەستم ئەو پیاوەیە كە بە ناوی برای سێ شەهیدەوە لە بازاڕی هەڵەبجە دوا و گەردنی سەدامی ئازاد كرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک شەهیدیان لەو كارەساتەدا نییە و دەڵێن: ئەو کوڕە لە دڵتەنگى و ناڕەحەتییەوە ئەو قسانەی كردووە و تووڕەبوونێکى تایبەتى هەیە”. جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە گوتیشى: “مافى هیچ کەسێک نییە كە بە ناوی خەڵكی هەڵەبجە و كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانەوە وەسفی سەدام حوسێن بکات و گەردنى سەدام و رژێمەكەی ئازاد بکات، پێموایە ئەوەی ئەو پیاوە كردی، کارێکى عەشوایى بووە و لە بەردەم کەناڵەکاندا بە تووڕەیی قسەى کردووە”. شایانی ئاماژە پێكردنە، كەسێكی نزیك لە ماڵباتی ئەو (لوقمان) ناوە، هەمان قسەكانی جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجەی بۆ (باسنیوز) دووپات كردەوە، بەڵام پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت.
ئەو پیاوە هەڵەبجەییەی گەردنی سەدامی ئازاد كرد هیچ شەهیدێكی كیمیابارانەكەی نییە
