كەلار.. لە قەڵای شێروانە ئاهەنگێک بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ساز دەكرێت

لە شاری كەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و بە دیاریكراوی لە قەڵای شێروانە ئاهەنگێكی جەماوەری بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بەڕێوە دەچێت. كەلارییەكان بە ئامادەبوونی هونەرمەندان عوسمان میروەیس و زینوێ حەسەن و بە بەشداریی گرووپی میوزیكی لوڕ بە ئاهەنگ پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەكەن و چەند گۆرانبێژێكی میللییش لەو ئاهەنگەدا بەشداری دەكەن و هاتن بۆ هەمووانە. هاوكات قایمقامیەتی كەلار ڕاگەیاندنراوێكی بڵاو كردووەتەوە کە وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەك ئیدارەی قەزاكە ئامادەكارییان بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە شاری كەلار كردووە و پۆلیس و ئاسایشی كەلار و كارمەندانی هاتوچۆ لە ئەركدا دەبن بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و بە مەبەستی ڕێكخستن و ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان. ئەوەش خراوەتە ڕوو كە ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو 20/3/2022 لەسەر قەڵای شێروانە ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە.