نرخی پەڕینەوە لە پردە هەڵواسراوەكەی توركیا ئاشكرا كرا

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، گەورەترین پردی هەڵواسراوی لە جیهاندا لە چانكەلا كردەوە. میدیا ناوەخۆیی و جیهانییەكان بەگرنگییەوە باسیان كرد، بەڵام نرخی پەڕینەوە لەسەر ئەو پردە بووەتە جێی باسوخواسی میدیاكان. رۆژی هەینی، 18/3/2022، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، درێژترین پردی هەڵواسراوی لە سەرانسەری جیهاندا، لەسەر گەرووی داردەنێل لە باكووری رۆژئاوای توركیا كردەوە و ئەمەش لە جیهاندا بەگرنگییەوە باسی لێوە كرا. ئەوەی باسی لێ دەكرێت و بووەتە جێی باسوخواسی سۆسیال میدیا و میدیا ناوەخۆییەكانی توركیا، نرخی پەڕینەوەیە لەسەر ئەو پردە. بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك، كە بەسەر ئەو پردەدا بپەڕێتەوە، بڕی 200 لیرەی توركی وەردەگیرێت و تا 2023 پلانیان هەیە، كە رۆژانە 45 هەزار ئۆتۆمبێل بەسەر ئەو پردەدا تێپەڕێت. بەڵام گرانیی نرخی پەڕینەوە لەسەر ئەو پردە، نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێ كەوتووەتەوە، حكوومەتیش نرخەكەی پێ باشە و بە گرانی نازانێت. پردەكە بە (پردی چانەكەڵی 1915) ناسراوە و لەلایەن ژمارەیەك كۆمپانیای توركیا و كۆریای باشوور ئەنجام دراوە و درێژییەكەی دوو كیلۆمەتر و 23 مەترە و بە درێژترین پردی هەڵواسراو دادەنرێت لە سەرانسەری جیهاندا.