حەلبوسی سەردانی ئێران دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە. درەنگانی شەوی هەینی 25-3-2022، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە: رۆژی یەکشەممە 27-3-2022 سەردانی تاران دەکات. محەمەد حەلبوسی بە ئاماژەکردن بەوەی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پەرلەمان سەردانەکەی دەکات، رایگەیاندووە: ئەو سەردانە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە. هەروەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەو سەردانەیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف و بەرپرسانی دیکە، کۆ دەبێتەوە. محەمەد حەلبوسی هیچ ئاماژەیەکی بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی دیکەی ئێران، نەداوە.