شەڕەتەقە لە نێوان چەند چەکدارێکی داعش و دوو شوانکاری کورد دروست بوو

لە سنووری ناحیەی زنانەی سەر بە قەزای كفری لە سنووری گەرمیان ژمارەیەکی چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان كردە سەر دوو شوانكاری کورد و بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەش زانیاری دەخاتە ڕوو. وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26/3/2022 دوو شوانكاری کورد مەڕ و بزنەكانیان بەمەبەستی لەوەڕاندن بردووەتە سنووری گوندی پەڵكانەی ناوچەی داودە، ئیتر لەو كاتەدا دوو چەكداری داعش تەقەیان لە شوانكارەكان كردووە و شوانكارەكانیش بەهەمان شێوە بەرگرییان لە خۆیان كردووە”. گوتیشی: “بە هۆی شپرزەییەوە، ژمارەیەك سەر ئاژەڵی شوانكارەكان بێسەروشوێنن بەڵام دوو شوانکارەکە سەلامەتن”. بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، ئاشكراشی كرد، شوانكارەكان خەڵكی گوندی دوراجی ناوچەی داودەن. ناوچەی داودە لە بنەڕەتدا سەر بە قەزای خورماتووە، بەڵام لە دوای ساڵی 1991ەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شارۆچكەی كفرییە و لە ناوەندی ناوچەكەش ناحیەی زنانە هەیە و لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خورماتوویان داگیر كرد ئیتر ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش هاتنە سنووری ناوچەی داودە و خۆیان لە گوندەكانی پەلكانە و تاوێركەوە و شۆراو قایم كرد و وێڕای ئەوەی چەندین جارە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە دژی ئەو داعشانە ئەنجام دەدرێ، بەڵام تا ئێستا لە ناوچەكە ماوەنەتەوە و ناوە ناوە هێرشەكانیان لە ناوچەكە دژ بە خەڵك ئەنجام دەدەن.